گەشبیر ئەحمەد:بۆ کۆبانی

gashbirahmed2
شاری کۆبانی یەکێکە لەو شارانەی ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە چەندین مانگ هەوڵی ئەوەی درا کە داگیر بکرێت. بەڵام لە لایەن شەڕڤانان و پێشمەرگەکانی کوردستانەوە توانیان ئەو خەونەی تیرۆرستان لەناوبەرن و دوای ئەو ماوە زۆرە بە تەواوەتی کۆبانی لە تیرۆرستان پاک کرایەوە و بو بە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان. هەروەها دەیان هونەرمەند و شاعیر لە کوردستان بە گۆرانی و شیعر هەستی خۆیان بۆ ئەو شارە دەربڕی. بەڕێز گەشبر ئەعمەدیش بە شیعرێک لە ژێر ناوی بۆ کۆبانی هەستی خۆی دەربڕیوە و ئەو بەرهەمەی خۆی پێشکەش بە مالپەری سەرقڵا و خوێنەرانی کردوە.سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی شیعرەکە ڕادەکێشین.

بۆ کۆبانی
خۆزگە منیش وەکو (ئارین)
شەهید دەبووم لە کۆبانی
گەڵای تەمەنم دەوەری و
ئاوا دەبوو خۆری جوانی
بۆ ئازادی و بۆ سەربەستی
گیانم دەبوو بە قوربانی
وەکو تۆی نەمر دەبوومە
سونبولێکی کوردستانی؛
*******
تۆ تاجی زێڕت کردە سەر
ئێمەش سەرلە نوێ دێیەوە
بۆمبی گرێ کوێرەی نەیار
تێکڕا پوچەڵ دەکەینەوە
دەستی غەدر و بیری جەهل
لە ڕەگەوە ئەبڕینەوە
دیرۆکی ئەم داستانەشت
بە خوێنمان ئەنوسینەوە؛
************
ئەوەی ڕۆژێ تۆی ناسیبێت
دێت بۆ لای تۆ و ناچێتەوە
مامە ڕیشەکەی گەرمیان و
(ئارام)یش دەگەڕێتەوە
بۆ ژیانت دەبنە سابات
باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات
لەسەر پێکانت بوەستە
دیسان هەر تۆی چاوی وڵات؛
******************
لە (عفرینەوە) هەورێ دێ
رقی ئاسمان دەبارێنێ
لە (ئامەد) ڕەشەبای تۆفان
تارمای بۆ چاوییان دێنێ
لەگەڵ گزنگی خۆرەتاو
لە (مشتە نووری) دێینەوە
بۆ دۆزەخە خۆکردوەکەی
خۆیانیان دەنێرینەوە؛
*********************
بچن بانگی مام زۆراب کەن
مێوژمان لێی دەوێتەوە
نێرگز لە دڵی کۆبانی
چوار وەرزی ساڵ دەڕوێتەوە
تفەنگی شانی شەڕڤانان
بۆ بەرگری منداڵانە
تا نەهێڵن وەک پەروانە
فەنابن ئەو پەپوولانە؛
************************
مژدەی ژیان بەڕێوەیە
با گەڕیدەکان نەچنەوە
جارێکی تر لە فێرگەکان
وانەی ئاشتی دەڵێینەوە
جانی جانانم کۆبانی
بۆ وەرزی نوێی ئاوەدانی
کەژاوە دەکەینە سەرت
دەتکەین بە شای شاری جوانی.
***********************
گەشبیر ئەحمەد
gashbir@hotmail.com

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون