پێشانگای (کاریکاتێر لە نیساندا)ی هەندرێن خۆشناو کرایەوە

pishanga1 محەمەد بەرزنجی – هەولێر

هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست هەندرێن خۆشناو, کە ساڵانێکی زۆرە لە تەک شێوەکاریدا بایەخ بە هونەری کاریکاتێر دەدات, بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی هونەری کاریکاتێر لەهەردوو بواری شێوەکاری و رۆژنامەگەری لە کوردستاندا, هەتا دوای چەندین ساڵی ئەزموون و کارکردن لەم بوارەدا, توانی ببێتە پێشەنگێک لەسەر ئاستی کوردستان لە هونەری کاریکاتێردا, هەگبەیەکی پڕ بەرهەم, پێشانگای تایبەت و هاوبەش لەسەر ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتی, بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان لە بڵاوکراوەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش, سەرەڕای بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار لەم بارەیەوە, وایکردووە کە جێ پەنجەی دیاربێت.

لە دوایین چالاکییەکانی ئەم هونەرمەندە کردنەوەی چوارەمین پێشانگای تایبەتی کاریکاتێری بوو بە ناونیشانی (کاریکاتێر لە نیساندا), کە پێکهاتبوو لە ٢٢ تابلۆی کاریکاتێریی, کەسایەتییە جیهانیە جۆراوجۆرەکان. لەم بارەیەوە چەند پرسیارێکی وەڵامداینەوە.

پ- هەست دەکەین کەوا ژمارەی پێشانگا تایبەتەکانتان کەمن بەراورد لەگەڵ ساڵانی زۆری ئەزموونەکەتان.

و- راستە, بەرهەمەکانم بەراورد بەو ماوە درێژە کەمن, ئەمیش هۆ و هۆکاری خودی و بابەتی خۆی هەیە, بەڵام من زیاتر حەز بە پێشانگای هاوبەش لەگەڵ برادەرانی دیکەدا دەکەم, کە بینەر تێیاندا هەمە جۆرییەک و هەمە ستایلێکی جیاواز دەبینێت, و بەراوردێک لە نێوانیاندا دەکات, و لە کۆتاییدا بینەر بڕیاردەدات, لەسەر جیاوازی و توانای هونەرمەندەکان, زیاتر لە سەد بەشداریم هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان, بەڵام پێشانگای تایبەتیش پێویستە بۆ هونەرمەند, و نابێت فەرامۆشی بکەین.

پ- ئایا چ پێوەرێکتان هەبوو لە بژاردەکردنی ئەو کەسایەتییە جۆراوجۆرانەی پێشانگاکەتان؟

و- ئەوەی راستی بێت, ئەم بەرهەمانەی ئەم پێشانگایە, هەموویان پێشتر لە پێشانگا و فێستیڤاڵە هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان بەشداریان پێکراوە, هەر پێشانگایەکیش تایبەت بوو بە بابەتێک و کەسایەتیەکەوە, منیش چەپکێکم لەم بەرهەم و کەسایەتیانە بژارکرد بۆ ئەم پێشانگا تایبەتیەم, پێوەری تایبەت نەبوو، هەر حەزمکرد کە بینەری کوردیش ئەم بەرهەمانەم ببینێت.
پ- بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان تۆ یەکەم کاریکاتێریستی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراقدا, کە بە ستایلی دیجیتاڵی کاربکەیت و پێشانگا بکەیتەوە؟

و- بەڵێ ساڵی 2013 یەکەم پێشانگای کاریکاتێریم کردەوە لە گەلەری شانەدەر, کە بە ستایلی دیجیتاڵی کارەکان جێبەجێکرابوون, ئەمەش دووەم پێشانگای کاریکاتێرییە کە بە هەمان شێواز کاری بۆ کراوە, بەڵکو پێشانگای شێوەکاری و مۆتیفیشم کردۆتەوە, کە هەر بە هەمان شێوازی هونەری دیجیتاڵی سەردەمیانە کاریان تێداکرابوو.

پ- هۆی هەڵبژاردنی ئەم ستایلە نوییە چیە بۆ کارکردن لە بواری شێوەکاری و کاریکاتێردا؟

و- لەبەرئەوەی شێوازێکی نوێیە لە کوردستان, و لە بواری شێوەکاری و هونەریشدا نوێکاریی پێویستە و تاقیکردنەوە و بەرهەمهێنان بە شێواز و ستایلە نوێیەکان, ژیان و بەردەوامی بە هونەری شێوەکاری و هونەرەکانی دیکە و گشت بوارەکانی تریش دەبەخشێت, بۆ خودی هونەرمەندەکەش پێویستە کە بەردەوام لە نوێبوونەوە دابێت, و ناوەناوە شێوازی و ستایلی نوێ تاقیبکاتەوە, بۆ خۆ پاراستن لە رۆتین و دووبارەبوونەوە. بۆیە پێمخۆشە دەستپێشخەری بکەم و کار بە ستایلی نوێ و جیاوازبکەم.

ئەمەش لینکی ڤیدیۆی تابلۆ کاریکاتێرییەکانی پێشانگاکەیە.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون