کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژاپۆن خەڵات دەکرێ

tara2tara3
کچە شێوەکارێکی تەمەن 13 ساڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ و ماندووبوونی خێزانێکی کورد لەکاتی سێوڕنین دەخاتە چوارچێوەی کارە هونەرییەکانییەوە و بە هۆیەوە سەرنجی ژاپۆنییەکان بەرەو خۆی رادەکێشێت.
بەڕێوەبەرانی چوارەمین کێبرکێی نێودەوڵەتی شێوەکاری پاراستنی ژینگە(کائۆ)لە وڵاتی ژاپۆن، تارا عیزەتیزادە، تەمەن 13 ساڵەی گەیلانی رۆژئاوای پارێزگای کرماشان، بە شایستەی خەڵاتکردن لەو کێبرکێ هونەرییە دەستنیشانکرد.تارا بە تەنها خەڵاتکراوی بەشداربووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لەو کێبرکێیەیە، کە لە ژێر ناوی “پاراستنی سامانە سرووشتییەکان بە یارمەتی یەکتر” لە ساڵی 2013 بەڕێوەچوو. لە شێوەکارییەکەیدا پیاوان و ژنانێکی کێشابوو، کە جلی کوردییان لەبەرە و لە باخێکی پڕ لە رەنگ، سێوە سوورەکان لە دارەکان دەڕنێنەوە و لە نێو وێنەی ئەو سێوانەی، کە لە پێی دارەکان رژاون لە پەنای گوڵە رەنگییەکان، زەوی باخی ئەو شیوەکارییەیان، بە فەرشێکی رەنگی و سرنجراکێش دەرهێناوە.لەهەمانکاتدا دایکێک، کە خەریکی چای تێکردنە و باوکێک، کە خەریکی خواردنی نانی بەیانییە، منداڵێک، کە کتێب دەخوێنێتەوە و یاریکردنی منداڵێکی دیکە لە پەنای رووبارێکدا، جوانیەکی زۆری بەخشیوەتە ئەو دیمەنە.کێبرکێی نێودەوڵەتی شێوەکاری ژینگە پارێزی کائۆ لە وڵاتی ژاپۆن، لە چوارەمین خولی بەڕێوەچوونی، بە پێشوازی بەشداربووانی 49 وڵاتی جیهان ،8 هەزار و 516 بەرهەمی شێوەکاری بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو کێبڕکێیە نێردرابوو.هەروەها لە سالی 2011 و لە کێبڕکێی نێودەوڵەتی شێوەکاری منداڵان و مێرمنداڵان لە وڵاتی تورکیا، تارا عیزەتیزادە خەڵاتی زیوی ئەو کێبڕکێیەی بە دەستهێنا.

رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون