پێشکەشە بە ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی کە چرای ئەم هەڵوێستەی داگیرساندم

peshmarge2
پێشمەرگە ناو هێنانت چریکەو فرمێسکی خامەیە، ئێوارەیەک لە بێدەنگیدا خۆی دەخواتەوە و شەویش زمانی لاڵ دەبێ
تۆ ئەی شانە شیعری زاناو بوێران، وەرە لە شاری دڵی هیوام سەرخەوێ بشکێنە
لە باوەشی وشە بەهاریەکانمدا، حەزێکی گەش وەک گوڵ بۆنت پێ دەبەخشێ
تۆ ئەی خورپەی ناخی زەردەپەر، بە پیرۆزی ناوت ملوانکەکانی خەیاڵم لێک دەئاڵاێنی و کۆرپەی ئیلهامێکم لە دایک دەبێ

تۆ ئەی پێشمەرگەی خەباتکاری ئازادی، پارێزەری ڕێی نیشتمان تابلۆیەکت نەخشاندووە، نرخەکانی پێشمەرگە بوونتی تێدا دیارە
دابڕان و دوایین مالئاوایت بە فرمێسکی گەشی چاوانی دایکت سپاردووە
من دەزانم چەند عاشقی خاک و خۆڵی ئەم نیشتمانەی
چەند هاوڕازی کۆتر و پەپوولەکانی و چەند ڕقت لە زرمەی چەکمەی پاسدارو میتە
بۆ پاراستنی بست بەبستی ئەم خاکە زێڕینەمان، گۆڕ لەلای تۆ لە خەونێکی وون بوو دەچێ
بێ تۆ شار تینووە، شەقام لە وەرزی خامکگیردایە و تەنانەت زەردەخەنەیەک لە قوڵایی زامەکانەوە لە دایک نابێ
بێ تۆ ڕووناکی چراخانەکان لە ئامێزی تەمومژێکدایە، لە دەریاچەیەکی ووشکەڵاتوو دەچێ
ناوی بەرز و پیرۆزت چ شەوق و زەوقێکی جوانە، کە لە دڵە بۆشەکاندا دەدرەوشێتەوە

سوێند بە شەرابی ئەو پێکەنینەت، کە بە لێوەکانتەوە دادەچۆڕێ
هەرگیز ڕێبازەکەت بۆ چرکەیەکیش وون ناکەم، تەنیا لەنجەی ناوی شکۆمەندتە دەیشکێنێ شووشەی تینوویەتیم
پێشمەرگە ئەو جوانترین وشەیە، کە هەر لاوە و بە شانازی دەزانێ ناوی پێشمەرگەی لە سەر سنگی هەڵکوڵی بێ
تۆ ئەی بینای دیەکانم، وەک شەونمی بەر خۆرەتاو ئاسمان لە ئامێزت دەگرێ
مەزنی تۆ لووتکەی زاری ژیریی پرژاندووم، شیعری زیندووی لە بێستانەکاندا چاندووم
ئێستاکانە تۆی غەزەل و بەستەی سەر زمانی دوور و نزیک، سەرانسەری دنیا سەرسورماون لە ئازایەتی تۆ
هەتا بۆنی گوڵاو.. و.. چپەی باران..و.. شریخەی هەور، هەموویان باسی پاڵەوانیەتی و دلێری تۆ دەکەن

ئەی پێشمەرگە من دەزانم لە شەوانی مانگەشەودا چەند بە تاسەوە نیگاکانت دەبڕیە ئاسمانی مات و پڕ پەژارەی دایکی نیشتمان
وێڵی باڵای پرشنگدارترین ئەستێرەیت و شەیدای کازیوەی دەم بەیانی
ئەی سەرەوەرم وەک چیا ڕەگت ئەستوورە گەرچی ڕووت و ڕجاڵی و کڵاشی شڕت لە پێیە، بەس تۆ گلێنەی چاوی کوردانی
تۆ ئەی پێشمەرگەی ماندوو نەناس ،خۆشەویستی شار و دێ، لە کێوەکان بەرزتری، لە ئاوی کانیاو زوڵاڵتر، تۆ پەیامی هیوای
لەوەتەی قەندیل تۆی ناسیووە، سەری لە بەرابەر قەڵافەتت نەوی وە

تۆ ئەی سەرکردەی زۆر بە توانا، ئەی بیرمەندی ژیر و زانا
تۆ بۆ ئێمە هەموو کاتێ سەربەرزیت، ڕێبوارێکی کە گشت تەمەنت پڕە لە شانازی
بە هەواری دڵماندا هەموو ساتێ تێدەپەری، هەرگیز لە دڵماندا دەرناچی
تۆ ئەی سەردارم، ڕێبواری ڕێگەی پێشەوای شەهید و بارزانیی نەمر، هەموو ژینت پڕ سەروەری و تێکۆشانە

پێشمەرگە تۆ ئەی رێبەری نەترس و لێزان، تۆ ئەی ئەستێرەی ئاواتی گەل و تێکۆشەری بێ وچان
پەیامبەری ئاشتیخواز، بە هیوا و بیر و ئیمان
پێشمەرگە ئەی بڕبڕەی پشتی کێوەکان، ئەی سۆمای کانیلە گریاوەکانی نیشتمانم
تۆ ئەو کەژەی لە بەر سەرماو.. شاختەڵەک و.. بەفرو… باران و… زریان چۆک دانادەی و وەستاوی
ئەو مێژووەی بە خوێنی تۆ ئێمزا کرا بێ، تا هەتاهەتایە دەمێنێ و ناسڕێتەوە

ئەی ئەو کەسەی گیانی پاکت قوربانی دەکەی، تا گەلەکەت سەربەست ببێ لە ژێر دەستی
تۆ هەرگیز نامری، تۆ لە مەرگیش مەزنتری
تۆ ئەو ڕووبارەی بێ پشودان، ڕێ دەپێووی
تۆ بڵێسەی ئاگری، کوژانەوەت هەرگیز بۆ نیە
بێ گومان بە، ئەی پاڵەوانی کوردستانم، تۆ دڵی گشت ئازادی خوازانی نیشتمانت لەگەڵدایە
تۆ فرمێسک و نزای دایکانی دڵ پڕ لە سۆزت لەگەڵدایە

ئەی پێشمەرگەی دلێر و زانا، قوربانی دەست و تفەنگت بم
”تەنها تۆیت، لە سەردەمی ڕوانی کۆنکرێت و باڵا کردنی دیوارا
سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنی و نــــــــا بە بتوون و پۆڵا دەڵێی”
تۆ ئەی جەنگاوەری خاکی پۆش و بەهەیبەتی وڵات
منداڵەکان لێت فێر دەبن، کە گەورە بوون کورنوش بۆ نیشتمان بەرن، سوجدە بۆ ناوی مەزنی تۆ بەرن و دار و بەردی ئەم کوردستانەیان خۆش بوێ

با هەموو پێکەوە بە پیر و گەنجەوە. چی پایەدارو گەورەیە، چی وشەی بە هێزە، دەست لە سەر سینگ بوەستین بۆ چەکی پێشمەرگە کە سەروەرو عاشقی
بست بە بستی خاکی ئەم نیشتمانەیە. تەنها پێشمەرگە گەورەیە.. تەنها پێشمەرگە گەورەیە!

کەژە نەقشبەندی
( قادرمیروەیسی )

۱۱٠۳٠۲٠۱٥
تورکوو، فینلەند/ هۆلندا

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون