“وەرزی كەركەدەن”ی بەهمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن نمایشكرا

warzi-kergadan2
فیلمی سینەمایی “وەرزی كەركەدەن” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی و هەروەها فیلمی سینەمایی “سەبارەت بە 111 كچ” لە دەرهێنانی هاوبەشی ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن نمایشكران.
فیلمی سینەمایی “وەرزی كەركەدەن” Rhino Season دوایین بەرهەمی بڵندی سینەماكاری بەئەزموونی كورد بەهمەن قوبادی و بە ڕۆڵ بینینی ئەكتەری ناوداری سینەمای جیهان مۆنیكا بلووچی، ڕۆژی 17ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2013 لە میانەی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن لە سینەماكانی “هاكنی پیكچێرهاوس” و “ویستبۆرن ستۆدیۆز” لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا نمایشكرا.
“وەرزی كەركەدەن” كە لە لایەن كۆمپانیای “مژ فیلم” لە ئاستی دنیادا بڵاودەكرێتەوە و تا ئێستا لە كۆمەڵێك فیستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیهاندا نمایشكراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان لە بەشی “تەركیز لە سەر فیلمە كوردییەكان” لە میانەی چل و هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كاڕڵۆویواری Karlovy Vary لە شوێنەكانی لازینەی 3، تیئاتری كاڕڵۆویواری و سینەما كاسی شاری كاڕڵۆویواری لە وڵاتی چیك نمایشكرا.
هەروەها فیلمی سینەمایی “سەبارەت بە 111 كچ” About 111 Girls لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماكارانی كورد ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا ڕۆژی 20ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2013 لە میانەی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن لە سینەماكانی “هاكنی پیكچێرهاوس” و “ویستبۆرن ستۆدیۆز” لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بەریتانیا نمایشكرا.
فیلمی سینەمایی “سەبارەت بە 111 كچ” لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە لایەن ناوەندی كەلتووری ئێنتەیتیڤی فیلمی جیهانی Global Film Intiative شەوی 3ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 2013 لە دووەمین بەشی فیلمەكانی لەنزی فیلمی جیهانی Global Lens films لە ئاكادیمیای فیلم پۆڕت تاونسێند Port Townsend لە شاری واشنگتۆن لە وڵاتی ئەمەریكا نمایشكرا.
هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن و چوارەمین خولی پێشبڕكێی “یەڵماز گۆنەی بۆ كورتە فیلم” بە بەشداری كۆمەڵێك فیلمی سینەمایی، فیلمی دۆكیۆمێنتەری، ئەنیمەیشێن و كورتە فیلم بە ناوەرۆكی چیرۆكی و دۆكیۆمێنتەری لە سینەماكارانی كورد و بیانی لە ڕۆژانی 15 تا 24ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2013 لە دوو سینەمای بەناوبانگی لەندەن “هاكنی پیكچێرهاوس” و “ویستبۆرن ستۆدیۆز” لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون