نووسەر لە نەرویج و کوردستاندا ( پیرباڵی کورد و سولستای نەرویجی )

arya2
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی یەکێک لە شیعرە پۆست مۆدێرنەکانی فەرهاد پیرباڵ بەناوی ‘ دەمگوت با، دەیگوت نا’١، شەپۆلێک کاردانەوەی هەستیاری و دژکردەوەی گاڵتەئامێزانەم بەرامبەر بەو شاعیرە مەزنەی کورد بینی، کە لەڕاستیدا سەرجەمیان بەدوورن لە راڤەو شرۆڤەیەکی ڕەخنەیی و ئەدەبی. لێرەدا من نامەوێت خوێندنەوەی تایبەتی خۆم بۆ ئەم شێعرەی پیرباڵ بکەم، کە تیایدا پەیامە شێعریەکەی خۆی لە پشت ”یاریکردن بە وشە وەک تایبەتمەندیەکی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرنیزم” داڵدەداوە، بەڵکو تەنیا گەرەکمە ئاماژەیەکی کورت و خێرا بە دوو نووسەری ناسراوی نەرویجی بکەم، کە زۆر لە کارو کەسایەتیاندا لە پیرىاڵی کورد نزیکن.
- داگ سولستاد: نووسەری ناسراوی نەرویجییە و خاوەن چەندین رۆمان و چیرۆکە کە دەنگدانەوەی نێونەتەوەیی هەبووەو زۆربەی بەرهەمەکانی وەرگێردراونەتە سەر زمانەکانی دیکەوە. ئەم نووسەرە بەیەکێک لەکەڵە نووسەرە پڕکارو کاریگەرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی نەرویج دادەنرێت، کە کەسایەتی هەرگیز لەگەڵ بەرهەمە ناوازەکانیدا بەراورد ناکرێت. سولستا کەسایەتیەکی تایبەت و شێتیەکی ئەدەبی جوانی هەیە، ڕێک وەک پیرباڵی کورد، بەڵام ئەمان ڕێزی زۆری ئەو گەورەیی و لێهاتوویەی دەگرن و لە مەکتەب و زانکۆکانیاندا بە خۆیان و ئێمەمانانی دەناسێنن. ” لێگەرێن قاوەچێکەر، قاوەچێکەر بێت! ” یەکەک لە کورتە جیرۆکەکانی ئەم ئەدیبەی نەرویجە، کە کاتێک دەقی چیرۆکەکە دەخوێنیتەوە، بەڕووکەش بێماناو پوچ و گاڵتەئامێزە بەڵام بەنێوەڕۆک پڕهێزو پێزە.
- یان ئێریک ڤوڵد: ئەمیش نووسەرێکی بەناوبانگ، بەرهەمدارو کاریگەری نەرویجە. شێتیە ئەدەبیەکەی ئەم کابرا لەیاریکردن بە وشەدا بە ڕوونی لە فیلمە ڤیدیۆکاندا دەتوانی ببینیت “2″ ، کە تیایدا یاری بە وشە یان واژەی کولتور دەکات.
من لێرەدا لینکی ڤیدئۆیی هەرسێکیان دادەنێم. بەو هیوایە چالاکان و هۆگرانی بواری ئەدەبی کوردی, خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەم شێعرەی پیرباڵ و ئەوانەی بیانی بخەنەروو، بەتایبەت ئەوانەی هەردوو زمانی کوردی و نەرویجی تێدەگەن.
نوسەر
ئاریا ئەحمەدی


Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون