مۆنیکا:ڕاگەیاندنێکی هونەری پرۆفیشناڵمان نییە!

monika.2
مۆنیکا زاهیر یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ماوەیەکە لە رێگەی ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیرەوە هاتووەتە ناوەندی هونەرییەوە و هاتووەتە ناسین، ئەوەی بەرچاو دەکەوێ بەبەردەوامی تیشکی میدیای لەسەرە. (باس) لەم دیمانەیەدا رووبەڕووی چەند پرسیارێکی هونەری و تایبەتی دەکاتەوە.

(باس)- ئەو حەز و ئارەزووەى لە تەمەنى منداڵى هەتبوو بۆ هونەر، ئایا ئێستەش هەست بەو حەزە دەکەیت؟
مۆنیکا: ئەو حەزەم لە منداڵییەوە زۆر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستە لەناو کارەکاندام زیاتر گەشەی کردووە، واتە حەز و ئارەزووم بۆ هونەر زۆر گەورەتر بووە.
(باس)- بۆچی ستایلى پەرچەم و رووخسارت گۆڕى؟
مۆنیکا: بەپێی ئەو شێوازەی بیری لێ دەکەیتەوە کاری هونەری پێویستی بەگۆڕین هەیە، بڕیاردان لە شێوازی کاری کلیپ و کارە هونەرییەکان بێگومان گوڕینێکی باشە و پێویستە سیستەماتیک بێت.
(باس)- ئەم نووسینەى لەسەر دەستت نووسراوە کوردستان، ئایا تاتۆیە یاخود لەزگەیە؟
مۆنیکا: گرنگ ئەوەیە نووسراوە کوردستان، ئینجا هەر شتێک بێت ئەوە حەزی خۆمە.
(باس)- بۆچى لەوەتەى دەستت کردووە بەگۆرانیگوتن وازت لە شیعر نووسین هێناوە؟
مۆنیکا: وازم لە شیعر نەهێناوە، بەڵام زۆرتر کاتم تەرخان کردووە بۆ گۆرانی.
(باس)- کەمیان لەلای تۆ خۆشەویستە، نووسینی شیعر یان گۆرانیگوتن؟
- زیاتر حەزم لە گۆرانیگوتنە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعرم خۆش دەوێ و بەردەوامیشم.
(باس)- نوێترین کارى هونەریت چییە؟
مۆنیکا: کلیپی گۆرانی ‘ئێوارانێک’ لە تێکستی شاعیری گەورە مامۆستا حەسیب قەرەداغی و میلۆدی مامۆستای هەڵکەوت زاهیرە، بێگومان سەرجەم کارەکانی ئەلبوومەکەم مامۆستا هەڵکەوت زاهیر ئەنجامی داوە و سوپاسی دەکەم.
(باس)- بیرت لەوە نەکردووەتەوە شوو بکەیت؟
مۆنیکا: هێشتا کاتی نەهاتووە.
(باس)- رات چییە بۆ شاجوانەکانى ئەمساڵ؟
مۆنیکا: هەموو ئەم هەنگاوانە باشن و دەستخۆشییان لێ دەکەم.
(باس)- چۆن ئامۆژگاریی ئەوانە دەکەیت کە دەیانەوێ ببنە گۆرانیبێژ؟
مۆنیکا: هەموو کارێک هەوڵدان و ماندووبوونی دەوێت، ئەو کەسەی پێی خۆشە ببێتە گۆرانیبێژ، با هەوڵی بۆ بدات و خەونەکانی بێنێتە دی.
(باس)- گلەیی لە کێ دەکەیت؟
مۆنیکا: ڕاگەیاندنی هونەریی پڕۆفیشناڵمان نییە، هەموو هەوڵی لایەنە سیاسییەکانیش بۆ تەلەڤزیۆن سیاسییە، بەداخەوە دەبوو کەمێک بواری کولتووریشیان لەبەرچاو بگرتایە، ئەو ڕاگەیاندنانەی کە هەن وەک پێویست کارەکانیان بە باشی ناکەن.
(باس) ئەحمەد تاریق

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون