كاریكاتێرەكانی هەندرێن خۆشناو لە میسر نمایش دەکرێت

handren2
رۆژی 6 ئەم مانگە فێستیڤاڵی یەكەمی نێودەوڵەتیی كاریكاتێریی لە (خانەی ئۆپێرا) لە قاهیرەدا ساز كرا. كە بە هەماهەنگیی نێوان كۆمەڵەی كاریكاتێریستانی میسر و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی دەرەوەی میسر ساز كرابوو، بە ئامادەبوونی جەماوەرێك و كاریكاتێر دۆستێكی زۆرەوە، نزیكەی 270 هونەرمەندی كاریكاتێری لە 64 وڵاتەوە بە زیاتر لە 500 تابلۆی كاریكاتێریی و كارتۆنیی بەشداریان لەم بۆنە نێودەوڵەتییە كرد، لە وڵاتە ئەورووپاییەكان و ئەمریكای لاتین و وڵاتە عەرەبیەكان هەروەها كوردستانیش. ئەویش لە رێی بەشداریكردنی هونەرمەندی شێوەكار و كاریكاتێریستی ناسراو (هەندرێن خۆشناو)ـەوە بوو، كە بەوە لە كاریكاتێریستەكانی تری كوردستان جیا دەكرێتەوە، بێجگە لەوەی كە ستایلێكی جیاوازی هەیە و بەردەوام نوێكاریی لە كارەكانیدا دەكات، زیاتر بایەخ بە چالاكییە نێودەوڵەتییەكان دەدات، و پەیوەندییەكی پتەو و فراوانی هەیە لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەكار و كاریكاتێریستی جیهان.

كارەكانیشی لە ئاستی كاری هونەرمەندە جیهانییەكاندایە. هەر بۆیە لەسەر ئاستی جیهاندا زیاتر ناسراوە، دەتوانین بڵێین تاكە هونەرمەندی كاریكاتێریستی كوردە كە پەیوەندیی پێوە دەكرێت بۆ بەشداریكردن لەم بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیانەدا.

سەبارەت بە فێستیڤاڵەكە (هەندرێن خۆشناو)تایبەت بۆ “هەولێر” گوتی: فێستیڤاڵەكە دە رۆژی خایاند، و دوایی وەزیری رۆشنبیریی بڕیاریدا كە دەبێت ئەم پێشانگایە و كارە هونەرییەكان لە هەموو شارەكانی میسر نمایش بكرێت و هەموو جەماوەری میسر بیانبینن، چونكە ئەم پێشانگایە بە گرنگترین فێستیڤاڵی هونەریی و كاریكاتێریی دەژمێردرێت كە لە میسردا ئەنجام درابێت، دوای دوایین پێشانگا كە لە ساڵی 1998 نمایش كرا.

لە درێژەی قسەكانیدا هەندرێن گوتی: فێستیڤاڵەكە دوو تەوەری گرنگی لە خۆ گرتبوو، یەكەمیان كارتۆن ئەویش بە ناوی (میسر لە دیدگای هونەرمەندانی كاریكاتێرەوە)، تیایدا هونەرمەندە كاریكاتێریستەكان لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە، هەستی خۆیان بەرامبەر بە میسر و خەڵكی میسر دەربڕی، هەروەها رەخنەی جۆراوجۆریان لە سیاسەتەكانی حزبەكان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گرت. دووەمیان كاریكاتێر كە تیایدا كاریكاتێریی كەسایەتییە جۆراجۆرەكانی ئەم وڵاتەیان نمایش كرد، كە بەدەست و پەنجەی كاریكاتێریستانی وڵاتانی جیهانەوە كێشرابوون.

( نەك وەك ئەوە لای ئێمە، كە بەداخەوە خەڵكانێك دەهاتنە پێشانگاكەم، دەیانگووت زۆر عەیبە ئێوە وا گاڵتە بەو ئەو كەسایەتییە ناسراوانەی كورد دەكەن و لە ئاستیان نزم دەكەنەوە، كارەساتەكەیش لەوەدا بوو كە ئەو كەسانەی ئەو رەخنەیان لێم دەگرت دەرچووی خوێندنی باڵا بوون)، هەروەها گۆشەیەكیان بۆ كاریكاتێریستی سودانی كۆچكردوو (حەسەن حاكم) كردەوە، وەك رێزلێنانێك بۆ ئەو هونەرمەندە كە بەم دواییە كۆچی دوایی كردبوو. ئەم فێستیڤاڵەیش بەشێك بوو لە چاڵاكیەكانی (كاروانی رۆشنبیریی) كە بەردەوام دەبێت تا مانگی یۆنیۆی داهاتوو.

ئەم پێشانگا كاریكاتێرییە نێودەوڵەتییەیش بێجگە لە كاریكاتێریستانی زۆربەی وڵاتانی جیهان، كاریكاتێریستە بەناوبانگەكانی میسریش وەكو ئەحمەد تۆغان (سەرۆكی كۆمەڵەی كاریكاتێریستانی میسر) و ئەحمەد عیفەت و تەها حوسێن و عەبدولعەزیز تاج و عەمر فەهمی و جومعە فەرەحات و هەورەها چەندین هونەرمەندی گەنجیش كە ماوەیەكە هاتونەتە ناو بواری هونەری كاریكاتێرەوە تیایدا بەشداربوون. ئەم فێستیڤاڵەش بایەخێكی زۆری پێدرا لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە.

سەبارەت بە تەوەری كارتۆنەكانیش دوا: زۆربەی كارتۆنەكانیش هەڵگری نامەیەكی سیاسی بوون، و ئاماژەش بوون بۆ ئاگایی هونەرمەندانی كاریكاتێریست لە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیریی لە میسر، و ئەو تەنگژە و گۆڕانكارییە گرنگانەی كە بەم دواییە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە بینیوە و پێیان تێدەپەڕێت، بە تایبەتی لە دوای شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، كە كورسی دەسەڵاتی لە ژێر زۆرێك لە دیكتاتۆرانی ناوچەكە هەژاند. لێژنەی هەڵسەنگاندنی كارەكانیش پێكهاتبوون لە هونەرمەندانی ناسراوی میسر ئەحمەد تۆغان، محەمەد عیفەت، جومعە فەرەحات، محەمەد حاكم، محەمەد عەبلە. خۆشحاڵیی خۆیانیان دەربڕی بەوەی، كە هونەرمەندێكی كورد بەشداری لە بۆنەیەكی وەهادا بكات لە میسر. بە تایبەتی كە ئەمە یەكەم بەشداریم نییە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا، و هیوایان خواست كە لە بۆنەكانی داهاتوویشدا بەشداری بكەم.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون