فیستیڤاڵی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ بەشێك بۆ سینەمای كوردستان تەرخان دەكات

filmtrosmoy2
فیستیڤاڵی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ بەشێك بۆ سینەمای كوردستان تەرخان دەكات

نۆ فیلم لە دەرهێنانی سینەماكارانی كورد و بیانی لە بەشێكدا بە ناونیشانی “سینەمای كوردستان” لە میانەی 24مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ نمایشكران.
بە ئامادەبوونی عەباس غەزالی وەكوو نوێنەری سینەمایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێك لە سینەماكارانی كورد، نۆ فیلمی سینەمایی و دیكۆمێنتاری لە دەرهێنانی سینەماكارانی كورد و بیانی لە بەشێكدا بە ناونیشانی “سینەمای كوردستان” لە میانەی 24مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆی نەرویژ نمایشكران، لەوانە: فیلمی سینەمایی “یۆڵ” لە دەرهێنانی یەڵماز گۆنای، فیلمی سینەمایی “كاتێك بۆ مەستی ئەسپەكان” لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم ” لە دەرهێنانی هونەر سەلیم، فیلمی سینەمایی “پەڕینەوە لە غوبار” لە دەرهێنانی شەوكەت ئەمین كوركی، فیلمی دیكۆمێنتاری “دایكانی من” لە دەرهێنانی هاوبەشی ئیبراهیم سەعیدی و زەهاوی سنجاوی، فیلمی سینەمایی “یەكەمین فیلم” لە دەرهێنانی مارك كۆزینس، فیلمی سینەمایی “جوانی تۆ هیچ بایخێكی نییە” لە دەرهێنانی حوسێن تەباك، فیلمی سینەمایی “دوایین زستان” لە دەرهێنانی ساڵم سەڵەواتی و فیلمی سینەمایی “سەفەر بۆ هەتاو” لە دەرهێنانی یێشیم ئۆستۆگلۆ.
هەروەها فیلمی سینەمایی “هەزار و یەك سێو” لە دەرهێنانی سینەماكاری كۆچكردووی كورد تەها كەریمی لە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ترۆمسۆ نمایشكرا و 4 قوتابی كورد لە ڤۆركشۆپی فێركاری ئەم فیستیڤاڵەدا بەشدارییان كرد و خولێكی فیربوونی سینەمایان بە سەركەوتوویی تەواو كرد.
لە ماڵپەڕی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ترۆمسۆدا سەبارەت بە بەشی تایبەت بە “سینەمای كوردستان” نووسراوە: بە بۆنەی 200 ساڵ بەسەر تێپەڕبووی یاسای بنەڕەتی وڵاتی نەرویژ لە ساڵی 1814، ئەم بەرنامەیە بۆ كوردەكان تەرخانكراوە خەڵكانێك كە شووناسی كوردی و دابوونەریتی جۆراوجۆریان هەیە بەڵام دەوڵەتێك و وڵاتێكی هاوبەشیان نییە.
هەروەها سەبارەت بە فیلمەكانی بەشی تایبەت بە “سینەمای كوردستان” نووسیوییەتی: ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، 9 فیلمی دیكۆمێنتاری و چیرۆكی لە خۆگرتووە كە بە زمانەكانی كوردی، توركی و ئینگلیزی و سەبارەت بە كوردەكان بە شێوازی كلاسیك و نوێی بەرهەمهاتوون. ئەم فیلمانە هەموو شتێك لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی كوردستان، كارەساتەكانی كۆمەڵكوژی و ئێش و ئازارەكانی ئەم نەتەوەیەی لە خۆگرتووە كە بە أاستییەكی هونەری ئاست بەرز و گەرمی و هیواوە سازكراون.
ساڵی پار فیلمی سینەمایی “پێش بەفر بارین” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد دەرهێنانی هیشام زەمان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە كەركووكییەی دانیشتووی وڵاتی نەرویژ و هەروەها عەباس غەزالی وەكوو نوێنەری سینەمایی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 15ی كانوونی یەكەم / یانایەری 2013 لە ڕێوڕەسمی دەستپێكی 23مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترۆمسۆ” نمایشكرابوو.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترۆمسۆ” بە بەشداری بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، بەشی “ڕوانین بۆ ڕابردوو” تایبەت بە دیكۆمێنتسازی ناوداری فەڕەنسی نیكۆلاس فیلیبێرت، بەشی “سینەمای كوردستان”، بەشی “زستانی سینەما”، بەشی تایبەت، بەشی “ئۆوێردرایو”، بەشی “هەڵبژاردەی ڕخنەگران”، بەشی “ئاسۆی ڕۆژهەڵات”، بەشی “ئاسۆ”، بەشی “فیلمەكانی باكوور” و بەشی ڤۆركشۆپی فیركاری هونەری سینەما لە رۆژانی 13 تا 19ی كانوونی یەكەم / یانایەری 2014 لە شاری ترۆمسۆ لە وڵاتی نەرویج بەڕێوەچوو.

بۆ زانیاری زیاتر:
Link text

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون