عەزیز وەیسی و شینەکەی شینگال و کۆبانی

azizweysikubani2
عەزیز وەیسی و شینەکەی شینگال و کۆبانی / نووسینی ئالان جاف
پێناسەی عەزیز وەیسی.
ئەگەر زۆر لە هونەرمەندان لە سەرەتای کاری هونەریان بە خۆێندن و شێوەی زانستی و نازی بنەماڵە و بوونی مامۆستای شارەزا گەورەکرابن و پەروەردەکرابن، ئەوا زۆر هونەرمەندی دیکەش هەیە کە لە سەرەتای چرۆی ژیانیانەوە بە ناخۆشی و پر مەینەتی تێپەریان کردوە.
عەزیز وەیسی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە سەرەتای مێرمنداڵیەوە شەری ماڵوێرانکاری ئێراق و ئێران دەستی پێکرد، ناچارکران کە لە زێدی سەدان ساڵەیان بگوازنەوە. و پاشان بە هۆی بێ ئیمکاناتی و نەریتی کۆمەڵایەتی دژە هونەری گۆرانی و زۆر هۆکاری دیکە، تەمەنی مناڵی و گەنجێتی پربێت لە بیرەوەی ناخۆش، بەو هۆیەشەوە هەرگیز بیر لەوە نەکراوەتەوە کە ئەم دوارۆژە پرشنگدارەی ئیستای بە شۆێندابێت.
کاک عه‌زیزی وه‌یسی له‌ گوندێکی ناوەچەی سه‌لاسی باوه‌جانی سه‌ر به‌ پارێزگای کرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ دایک بووه‌، ناوبراو بۆ خۆی ده‌یگێڕیته‌وه‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نی١٠ساڵێیه‌وه‌ خولیای گۆرانی وتن له‌ هزری چرۆ ده‌کات، کاک عه‌زیز وەک خۆی لە زۆربەی دیمانەکانیدا ئاماژەی پێدەکات کە له‌ ته‌مه‌نی لاوێتیدا ئه‌و هه‌له‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ که‌ بتوانێ له‌ بواری ئاکادیمییه‌وه‌ درێژه‌ به‌ خۆیندنی موسیقا بدات که‌ ئاره‌زووی مناڵی بووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای چه‌ندین کۆسپی کۆمه‌ڵایه‌تی و حکومه‌تی ئه‌و هه‌ر کۆڵی نه‌داوه‌.

عەزیز وەیسی لە نێۆ خەڵکدا.
کەم کوردێک هەیە لە ئاست جیهاندا عەزیزی وەیسی نەناسێت و بە هونەر و گۆرانی و قسەی خۆش و لەفزشیرینیەکی ئاشنا نەبووبێت. کەسایەتی عەزیز وەیسی بۆ ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیناسن زۆر ئاشنایە کە مرۆڤێکی چەندە دڵ پاک و سادە بێ فیس و تەکەبورە و ڕقی لە هیچ کەس نییە. هەمیشە دەم بە پێکەنین و شادی بزە دەخاتە سەرزاری بەرامبەرەکانی. حەزی لە قسەو قسە لۆک و ناوهێنانی کەس نییە و پێشی خۆش نییە باسی کەسی لابکرێت. ئەو دڵپاکی و سادەیی و خۆشەویستییەی بۆ خۆی و هونەرەکەی و گشت هونەرمەندانی هاوپیشەی، وایکردوە کە باجی زۆری بۆ بدات. خزمەتی زۆر هونەرمەند و کەسایەتی کردوە بەڵام پێچەوانەکەی قسەی نابەجیێ لە پشتەملە لە سەر کراوە. بەوانەش عەزیز وەیسی هەر کۆڵی نەداوە، و رق و کینەی نەکردوەتە پیشەو پشتی لە هاورێکانی نەکردوە.
ماوەیەکی زۆرە بە هۆکارێکی ناحەق، ئەو هۆکارەش کە پێویست ناکات ئاماژەی پێبکەم، بەڵام تەنیا ئاماژە بەوە دەکەم کە هەموو هونەرمەندانی کورد ئەوانیش لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان لەهەموو کابینەکان بەشدارییان کرد. کەچی هیندێک کەس و لایەن کە ژمارەیان لە ئاست لاینگرانی عەزیزی وەیسی لە کوردستانی گەورە ناگاتە ١% ، ویستیان ئەو هەلە بقۆزنەوە و بە ناحەق و نارەوا لە هەوڵی شکاندنی عەزیز وەیسی کەسایەتی و هونەرمەندی دڵپاک خۆشەویستی کوردستان بوون. بەڵام بە خۆشییەوە توانای و ڕاستگۆیی ئەو هونەرمەندە، ئەو پروپاگەندە نادروستەی زۆر بە پەلە پوچەڵکردەوەو لاینگرانی وەیسی چەند بەرامبەر لە جاران زیادکرا.
عەزیز وەیسی لە شادی و هەڵپەركی وە، شین بۆ شنگال و کۆبانی.
لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ سەرەوە کە کوردستان کەم کەم لە ئەنفال و نەهامەتی و ئاوارەیی و شەری داسەپاوی براکوژی نەجاتی دەبوو، خەڵکی کوردستان پێویستی بە هەڵمژینی هەوای ئارام و حەسانەوەو بزەی سەر لێو بوو. لە مێژبوو مەقامەکانی حەمە جەزا و ناسر ڕەزازی و میدیا حسێن بە سەر ئەنفال و هەڵەبجەدا تێکەڵی هزر و مێشکمان ببوو. بە سەر هەڵدانی عەزیزی وەیسی لە ٢٠٠٣ بۆ سەرەوە تا هاوینی ٢٠١٤ لە ماوەی ١١ ساڵ بۆ بە تاکە سواری ئاهەنگ و شادی وخۆشی وپێکەنین، و لەبەین بردنی خەم وخفەت و ناخۆشییەکانی رابوورد. عەزیز وەیسی ببووە ڕووناکی سەر گشت شاشەی ڕاگەیاندنە کوردییەکان، و گشت کەمپیوتەرو ئایفۆسن و ئایپاد و گشت ئامێرە پێشکەوتوەکانی دەست لاوانی کورد.
حەیف و مخابن لە ٢ ئاگوستی ٢٠١٤ دیسانەوە نەهامەتی و پلانی قیزەون رووبەرووی وڵاتەکەمان بووەوە، ئەمجار لە شنگاڵی هەمیشە کوردستانەوە دەستی پێکرد، و ئیستا لە کۆبانی درێژەی هەیە. سیمبولی خۆراگری کۆبانی بووەتە وێردی سەرزاری هەموو جیهان، و هەروەها زۆربەی هونەرمەندانی کوردستان و جیهانی هەژاندوە.
عەزیزی وەیسی بێجگە لەوەی کە لە خۆپێشاندان وکۆکردنەوەی هاوکاری لەرۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمجارە لە نۆیترین بەرهەمی لە سەر شینگال و کۆبانی. کە بە شێوەی شیوەنی هونەری و لاواندنەوە بۆ ئەو ٢ شارە مەزنەی کوردستان دەکات، لە شیوەنەکەیدا ئاماژە بە برینە کۆنەکان هەڵەبجەو ئەنفال دەکات، و دەڵێت شینگال و کۆبانی برینی کۆنیان وەبیرهێنانینەوە. عەزیز وەیسی لە ناخێکی بریندارو لە ٢چاوی پر لە فرمێسکاوییەوە هێرش دەکاتە سەر داگیرکەرانی کوردستان، هێرش دەکاتە سەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داوای فریا کەوتنی بە پەلەی کۆبانی دەکات. عەزیز وەیسی دەنگی گلێیشی گەیاندووەتە یەزدانی مەزن و لە ناخەوە شین و هاوار دەکات و ناڵەی دەگات عەرشی یەزدان بۆ شینگال و کۆبانی. کەم خەمخۆرێکی ئەمرۆی شینگال و کۆبانی هەیە، کە گۆی لەم بەرهەمە نۆیەی عەزیز وەیسی بگرێت، فرمێسک لە چاوەکانی نەیەت و لە مەبەستەکانی هونەرمەند تێنەگات.
بەم بەرهەمە نۆێەش عەزیزی وەیسی سەلماندی کە لە کاتە ناخۆش و تەنگانەکانی کوردستانیشدا کوری تەنگانەیە، و هەرگیز پشت لە گەل و نیشتیمانەکەی نەکردوەو نایکات.
هەر بژیت و سەربەرز و سەرفراز بیت، نەوەی ئیستا و دوارۆژ شانازیت پێوە دەکەن.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون