شانۆگەری “کوردبوون تاوانە” لە هۆڵی شانۆیی ڤێسترۆس نمایش دەکرێت
رۆژی یەکشەممە [ ٩ ی فێڤرییە ] لە شاری ڤێسترۆس، گروپی شانۆی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە لاوانی شارەکانی ڤێسترۆس و ئێسکیلستونا پێکهاتبووە کۆبوونەوەیەکیان سازدا.ئامانج لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێ کردنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی شانۆی “تەنها تاوان کوردبوون، نا بۆ سێدارە” بوو کە لە رۆژی ١٨ی یانواری ئەمساڵ لە جێژنی دووی رێبەندان لە شاری ستۆکهۆڵم نمایش کرا.بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشتی نووسەر و دەرهێنەری شانۆکە، کادری لە مێژینەی ناو ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات کاک “عەزیز مورادپەرەست”یش کرابوو، کە وێڕای دەستخۆشی، بە دەستەگوڵ و شیرینی سوپاسی گەرمی گروپی شانۆی لاوانی پێڕاگەیەنرا. کاک عەزیزیش لایەن خۆیەوە بە بەخشینیی وێنەی رێبەرانی شەهید لە قاڵبی شووشەدا بە هەر کام لە ئەندامانی گروپەکە دەستخۆشی لە یەکە یەکەیان کرد.شانۆی “تەنها تاوان کوردبوونە” یەکەمجار لە جێژنی دووی رێبەندانی ئەمساڵ لە ستۆکهۆڵم نمایش کرا، کە تیایدا زیاتر دوو هەزار کەس لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار بوون و بینەری شانۆکە بوون، جیا لەمە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری حیزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییە سوێدییەکانیش ئامادەی جێژنەکە بوون و شانۆکە ببوو بە جێگەی سەرنج و دەستخۆشی هەموو لایەک.شانۆکە دواتر لە سەر ئاستی وڵاتی سوێدیش دەنگدانەوەی باشی بە خۆیەوە بینی: هەر یەک لە “مۆنا سالین”، سکرتێری پێشووی حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی سوێد و “فرێدریک مالم” ،ئەندامی پارلەمان لەسەر لیستی پارتی گەلی سوێد و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم حیزبە، لە وتارەکانی خۆیان لە جێژنەکەدا باسیان لە گرنگی و هەست بزوێنی ئەم شانۆیە کرد. فرێدریک مالم وێنەیەکی شانۆکەی لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی دانابوو و شانۆکەی بە شانۆیەکی کاریگەر وەسفکردبوو و کە باسێکی زۆری لێکەوتەوە. دوای پیشاندانی شانۆکە لە لایەن دەیان حیزب و لایەن و کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگییەوە دەستخۆشی ئاراستەی نووسەر و دەرهێنەری شانۆکە، گروپی شانۆی لاوان و کومیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سوێد کرا بۆ پێشکەش کردنی ئەم شانۆیە لەسەر دیاردەی نامرۆڤانەی لە سێدارەدان لە ئێران کە بابەتێکی هەرە جیدی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە.لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا لاوان بە مەبەستی پێکەوەبوونی زیاتر و بەسەر بردنی کاتێکی زیاتر پێکەوە بۆ نانخواردن چوون بۆ رێستورانتێکی کوردی لە شاری ڤێسترۆس.جێگەی باسە لەسەر داوای بەشێکی زۆر لە لاوانی کورد و سوێدی بڕیار وایە ئەم شانۆیە لە داهاتوودا بە زمانی سوێدی لە هۆڵی سەرەکی شانۆی شاری ڤێسترۆس نمایش بکرێت. ئەم شانۆیە لە نووسین و دەرهێنانی کاک “عەزیز مورادپەرەست”ە و “کەیهان دەرویشی” و “چنار رەشیدی”یش سەرپەرستی گروپی شانۆکە دەکەن، کە سەرجەم ئەندامانی ئەم گروپە لە ئەندامانی یەکێتی لاوان لە شارەکانی ڤێسترۆس و ئێسکیلستونا پێکهاتووە.
سەرچاوەی نووسین
پێشمەرگەکان
Shanogery "Kurdbon Tawane" Le 2y Rebandan… by serqela