سێ ئەكتەری فیلمی “پشیلە ئێرانییەكان”ـی بەهمەن قوبادی لە نیۆیۆرك كوژران

3.akter2
سێ ئەكتەری فیلمی “پشیلە ئێرانییەكان”ـی بەهمەن قوبادی لە نیۆیۆرك كوژران
لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا سێ ئەكتەری فیلمی سینەمایی “كەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەكان نییە” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی لە شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا كوژران.
چەند شەو پێش ئێستا لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا لە ناوچەی باشووری ویلیامزبێرگی بڕوكلین لە شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا سێ ئەكتەری فیلمی سینەمایی “كەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەكان نییە” Nobody knows about Persian cats… لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی بە ناوەكانی برایانی كورد ئاڕش فەرازمەند و سرووش فەرازمەند و هەروەها موزیكزانی لاوی ئێرانی عەلی ئەسكەندەریان لە لایەن هەڤاڵێكی ئێرانی گرووپی موزیكی “سەگە زەردەكان” Yellow Dog`s بە ناوی عەلی ئەكبەر رەفیعی (فریكیز) بە چەكی كالیبری 308 كوژران.
ئەو كەسانەی كوژراون هەموویان ئەندامی گرووپی موزیكی بەناوبانگی “سەگە زەردەكان” بوون كە پێش ساڵی 2010 بە شێوەی ژیرزەوینی لە وڵاتی ئێران چالاكی موزیكی ڕاكیان دەكرد و لە ساڵی 2008 لە فیلمی سینەمایی “كەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەكان نییە” لە دەرهێنانی سینەماكاری بەئەزموونی كورد بەهمەن قوبادی ڕۆڵیان بینی كە دوای بەشداری لەم فیلمە و نمایش كردنی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەكانی فیلم لە ئاستی دنیادا بەناوبانگ بوون و چوون بۆ وڵاتی ئەمەریكا تاكوو لەوێی درێژە بە هونەری موزیك بدەن.
عەلی ئەكبەر رەفیعی ماوەیەك بوو كە لەسەر كێشەی ئابووری لەگەڵ ئەندامانی گرووپی موزیكی راكی “سەگە زەردەكان” لەم گرووپە دەركرابوو، چونكە بێ مۆڵەتی ئەوان هەندێك لە ئامێرەكانی ئەم گرووپەی فرۆشتبوو. ئەو بە كڕینی چەكی كالیبری 308 چەند شەو پێش ئێستا دەچێتە یەكێك لە ماڵە چوار قاتەكانی ناوچەی باشووری ویلیامزبێرگی بڕوكلین لە شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا كە ئەندامانی گرووپی موزیكی “سەگە زەردەكان” تیایدا دەژیان و برایانی كرماشانی ئەم گرووپە بە ناوەكانی ئاڕش فەرازمەند و سرووش فەرازمەند لە یەكێك لە نهۆمەكانی ئەو بینایەدا و هەروەها عەلی ئەسكەندەریان لە نهۆمێكی دیكەی ماڵەكەدا دەكووژێت و ئەندامێكی دیكەی ئەم گرووپە بە ناوی سیاوەش كەرەمپوور بریندار دەكات و پاشان دەچێتە سەر سەربانی ماڵەكە و لەوێی بە گولەیەك خۆشی دەكووژێت و كۆتایی بە ژیانی دێنێت.
پاش ئەو ڕووداوە، پۆلیسی شاری نیۆیۆرك سەردانی شوێنەكەیان كرد و تەرمی كوژراوەكانیان دیتەوە و دۆسییەی ئەم جینایەتە لە لایەن پۆلیسەوە بەدواداچوونی بۆدەكرێت و تا ئێستا لە زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتی ئەمەریكا و سەرتاسەری دنیا دەنگ و سەدایەكی زۆری داوەتەوە.
بەهمەن قوبادی دوای بیستنی ئەم هەواڵە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێكەوت تاكوو لە ڕێوڕەسمی پرسە و
ماتەمینی ئەكتەرەكانی فیلمی “كەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەكان نییە” پێنجەمین بەرهەمی خۆی بەشداری بكات.
“پشیلە ئێرانییەكان” ناوەرۆكەكەی سەبارەت بە موزیكی ژێرزەوینی لاوانی موزیكزانی ئێرانییە كە هاوینی ساڵی 2008 لە شاری تاران وێنەگیراوە و بەهاری ساڵی 2009 لە یەكەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی و هەندێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی فیلمەكە لە بەشی جۆرێك روانینی شەست و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كان لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشكرا و توانی دوو خەڵاتی سەرەكی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان، لەوانە: خەڵاتی تایبەت و هەروەها خەڵاتی فڕانسوا شاڵە بەدەستبێنێت و لە درێژەدا لە چەندین فیستیڤاڵی دیكە لە ئاستی دنیادا نمایشكرا، لەوانە:
ـ لە بەشی باشترین فیلمەكانی فیستیڤاڵەكانی دیكەی جیهان بە ناونیشانی “ئەلماسەكانی زاپاڵتگی” Zabaltegi Pearls لە 57مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سەن سێباستیەن لە وڵاتی ئیسپانیا.
ـ لە بەشی فیلمە بیانییەكاندا لە لایەن چاودێرانی مافی مرۆڤ لە میانەی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “لوبنان” لە وڵاتی لوبنان.
ـ لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تۆرینۆ” Torino لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا و لە بەرنامەیەكدا رێزی تایبەت لە بەهمەن قوبادی گیرا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ناوچەی ئازاد” لە شاری بێلگراد لە سێربستان.
ـ لە بەشی پانۆڕامای 21مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی “لایف” Liffe لە شاری لیۆبلینا لە وڵاتی ئێسلۆڤانیا.
ـ لە 47مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “پرتەقاڵی زێڕین”ی ئانتالیا لە شاری ئانتالیا لە توركیا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مافی مرۆڤ” لە شاری تونچیلی لە وڵاتی توركیا.
ـ لە بەرنامەی رێزلێنانی تایبەت لە بەهمەن قوبادی، لە لایەن رێكخراوەی “ئەرشیفی فیلمی هاروارد” Harward Film Archive لە زانكۆی هارڤارد لە شاری بۆستۆنی پێتەختی ویلایەتی ماساچۆسێتی وڵاتی ئەمەریكا نمایشكرا.
ـ لە 39مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا.
ـ لە یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “رۆژهەڵاتی ئێستا” لە شاری فلۆرانس لە وڵاتی ئیتاڵیا.
ـ لە 27مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “مەیامەی” لە ئەمەریكا نمایشكرا و توانی خەڵاتی بینەرانی ئەم فیستیڤاڵە بۆ باشترین فیلم بەدەستبێنێت.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمە سەربەخۆكانی ئەستەنبووڵ لە وڵاتی توركیا.
ـ لە 25مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “میدنیات سان” MIDNIGHT SUN لە شاری هێلسینكی لە وڵاتی فینلەندا نمایشكرا و رێوڕەسمی رێزلێنان بۆ بەهمەن قوبادی سازكرا.
ـ لە بەشی روانگەی نێونەتەوەیی فیستیڤاڵی فیلمی مێلبۆرن لە وڵاتی ئوستوأاڵیا.
ـ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی Movies That Matter لە شاری لاهەی هۆڵەندا نمایشكرا و خەڵاتی MovieSquad All Rights و هەروەها خەڵاتی تەمەنێك چالاكیی سینەمایی بە ناونیشانی
Lifetime Achievement پێشكەش بە بەهمەن قوبادی كرا.
ـ لە بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی 16مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “رەبەت” Rabat لە وڵاتی مەراكیش نمایشكرا و خەڵاتی گەورە و تایبەتی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ـ لە بەشی پێشبڕكێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی “فیلمەكس”ی تۆكیۆ لە وڵاتی ژاپۆن نمایشكرا و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان پێشكەش بە بەهمەن قوبادی كرا.
ـ لە سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “شەوەكانی تالین” لە وڵاتی ئەستۆنیا نمایشكرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەكی ئەم فیستیڤاڵە، لەوانە: خەڵاتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان بۆ باشترین وێنەگرتن لە لایەن وێنەگری كورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی FICC و هەروەها خەڵاتی لێژنەی ناوبژیوانی NetPac بەدەستبێنێت.
ـ لە بیستەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی فیلم و تەلەفیزیۆنی زانستگای “یوو سی ئێل ئەی” USLA كالیفۆرنیا.
ـ لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە بڵندە سینەماییەكانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایشكرا و دوو خەڵاتی مرواری رەشی باشترین فیلم و باشترین ئەكتەری پیاوی بەدەستهێنا.
ئەم فیلمە هەروەها لە لایەن كۆمپانیای بڵاوكەرەوەی فەڕەنسی “وایلد باینچ” لە ئاستی جیهاندا نمایشكرا و لە لایەن چاپەمەنییەكانی ئەمەریكییەوە پێشوازیی لێكرا و لە سەد رۆژنامە و گۆڤاری ئەمەریكی ڕەخنەی جۆراوجۆر و پۆزێتێڤیان لەسەر نووسی، لەوانە: گۆڤاری “فیلم كامێنت”، “هالیڤوود رێپۆرتەر”، رۆژنامەی “واشنگتۆن پۆست”، “رادیۆی میللی ئەمەریكا”، گۆڤارەكانی “نایلێن”، “ئێسپین” و “نیۆیۆرك كول”.
فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەكان” ساڵی 2010 لە ناو 10 فیلمی سینەمایی بەرچاوی سینەمای دنیا لە رۆژنامەی پڕبایخی واشنگتۆن پۆست ئەمەریكی دەستنیشانكراو لە وتارێكدا بە ناوی “باشترین فیلمەكانی ساڵی 2010 جیهان” لە رۆژی 18ی دیسێمبەری 2010ی واشنگتۆن پۆستی ئەمەریكیدا كە لە لایەن “ئانا هۆرنادەی” Ann Hornaday ڕەخنەگری ئەو رۆژنامەیەوە بڵاوكراوە، سەبارەت بەم فیلمەی بەهمەن قوبادی نووسیوەییەتی: فیلمی سینەمایی “كەس لە پشیلە ئێرانییەكان خەبەری نییە” لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، روانینی نوێ و هەرمانی لە ژیانی ئەمڕۆ لە تاران، قەیرانەكانی كۆمەڵگای ئێران و دیمەنەكانی موزیكی ژێرزەوینی ئەم وڵاتە بە بینەری خۆی پێشكەش دەكات.
ئەم فیلمە هەروەها لە ساڵی 2010 بە كۆكردنەوەی سەتا 95 خاڵ، پلەی پێنجەمی ماڵپەڕی ناوداری سینەمایی “رۆتین تۆمەیتۆ”ی Rotten Tomato بەدەستهێنا.
رخنەگری ناوداری سینەما “جۆرج پرێنتیك” George Prentice لە ماڵپەڕی سینەمایی “بۆیس ویكلی”دا Boise Weekly فیلمی سینەمایی “كەس لە پشیلە ئێرانییەكان خەبەری نییە”ی لەگەڵ فیلمی سینەمایی “شازادەی ئێرانی” لە دەرهێنانی مایك نیۆئێل بەراورد كرد.
هەروەها رەخنەگری سینەما “ساندی مەدێلبێرگر” Sandy Madelberger لە ماڵپەڕی سینەمایی “نیۆیۆرك فیلم” Film New York فیلمی “كەس لە پشیلە ئێرانییەكان خەبەری نییە”ی بە بەرهەمێكی
هونەریی زیندوو وەسفكرد كە چاوپۆشی لێناكرێت.
3.akter1
3.akter3
3.akter4

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون