سینەماكارانی كورد لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی سەركەوتنیان بەدەستهێنا
سینەماكارانی كورد لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی سەركەوتنیان بەدەستهێنا
فیلمی سینەمایی “پێش بەفربارین” لە دەرهێنانی هیشام زەمان و فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم” لە دەرهێنانی هونەر سەلیم لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی سەركەوتنیان بەدەستهێنا.
ڕێوڕەسمی كۆتایی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە ئامادەبوونی ئەكتەری ناوداری ئەمەریكی دێڤید هاسێلهۆف David Hasselhoff، سەرۆكی فیستیڤاڵ عەلی ئەلجابیری، بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵ ئینتیشال ئەلتەمیمی، وەزیری ناوخۆی ئیمارات، باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیمارات، وەزیری ڕۆشنبیری ئیمارات، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەكانی فیستیڤاڵ، هونەرمەندانی ناوداری دنیا و وڵاتانی عەڕەبی، هونەرمەندانی سینەما و تەلەفیزیۆنی ئیماڕات و هونەرمەندانی بەشداربووی فیستیڤاڵ، سێ ڕۆژ پێش ئێستا لە كۆشكی گەورەی ئیمارات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو و تیایدا هونەرمەندانی سەركەوتووی بەشە جۆراوجۆرەكانی فیستیڤاڵ، لەوانە: بەشی پێشبڕكێی سەرەكی، بەشی پێشبڕكێی ئاسۆی نوێ، بەشی پێشبڕكێی فیلمە بڵندە دیكۆمێنتییەكان، بەشی نمایشی سینەمای جیهان، بەشی پێشبڕكێی كورتە فیلمە چیرۆكی و دیكۆمێنتارییەكان، بەشی پێشبڕكێی فیلمەكانی ئیمارات، بەشی خەڵاتی چاودێری لە منداڵان، بەشی پێشبڕكێی نێتپەك و هەروەها بەشی خەڵاتی فیپێڕشی ڕخنەگرانی سینەما دەستنیشانكران و خەڵاتی نەقدی و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ بەسەریاندا دابەشكرا.
فیلمی سینەمایی “پێش بەفربارین” لە دەرهێنانی سینەماكاری كوردی دانیشتووی وڵاتی نەروێژ هیشام زەمان بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە كورد، بەرهەمهێنەری فیلمەكە و بەرپرسی كۆمپانیایی سینەمایی میتۆس فیلمی ئەڵمانی مەمەد ئەكتاش و ئەكتەری سەرەكی فیلمەكە تاهیر عەبدوڵڵا تاهیر لە هەرێمی كوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی نمایشكرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی نەقدی 50 هەزار دۆلاری و تەندیسی مرواری رەشی باشترین فیلمی سینەمای عەڕەب بە هیشام زەمان دەرهێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بریتی بوون لە: خاتوو یێسیم ئۆستاگلۆ ئاڕتیست سەرۆكی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی توركیا، خاتوو ئێرێنێ بیگناردی ـ ڕخنەگری سینەما لە وڵاتی ئیتالیا، نوورەدین لەخماری ـ دەرهێنەر لە وڵاتی مەغریب، والێری تودورۆوسكی ـ دەرهێنەر لە وڵاتی ئۆكراین و میشێل كامۆن ـ فیلمساز لە وڵاتی لوبنان.
فیلمی سینەمایی هیشام زەمان لە بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ 14 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی فەڕەنسا، قەتەر، توونس، بەریتانیا، گورجیستان، فەلەستین، نەروێژ، میسر، مەكزیك، هێندستان، ئیمارات، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەمەریكا و چەندین وڵاتی دیكە لە ركابەریدا بوو.
هەروەها فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم” لە دەرهێنانی سینەماكاری كوردی دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا هونەر سەلیم بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە كورد، ئەكتەری ناوداری سینەمای ئێران گوڵشیفتە فەراهانی، ئەكتەری كوردی باكووری كوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا كوركماز ئەرسلان و هەروەها بەرهەمهێنەری فەڕەنسی فیلمەكە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی نمایشكرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران كە بریتی بوو لە خەڵاتی نەقدی 50 هەزار دۆلاری و تەندیسی مرواری رەش بە هونەر سەلیم دەرهێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی سەرەكی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بریتی بوون لە: خاتوو جاكی وەیڤێر سەرۆكی لێژنەی دادوەران و ئەكتەر لە وڵاتی ئۆستۆڕاڵیا، ئادریان ووتۆن ـ ئەكتەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی بەریتانیا، خاتوو هیام عەبباس ـ ئەكتەر لە وڵاتی فەلەستین، خاتوو دۆڕا بۆچۆچا ـ بەرهەمهێنەر لە وڵاتی توونێس و خاتوو ساندرا دێن هامێڕ ـ دەرهێنەر و
بەرهەمهێنەر لە وڵاتی هۆڵەندا.
فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم” لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتەی فیستیڤاڵ لەگەڵ 14 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی ئەڕژانتین، كەنەدا، هێندستان، فەڕەنسا، ئیمارات، چین، ژاپۆن، پۆڵەندا، دانیمارك، بۆسنی و هێزێگۆڤین، قەتەر، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، میسر، بەریتانیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیا، ئەلجەزایر، عێراق، فیلیپین و چەندین وڵاتی دیكە لە ركابەریدا بوو.
فیلمی سینەمایی 105 خولەكی “پێش بەفربارین” كە بەرهەمی هەریمی كوردستان، كۆمپانیای سینەمایی میتۆس فیلمی ئەڵمانی و وڵاتی نەروێژە، سەرەتا كاتژمێر 30/3ی دوانیوەرۆی ڕۆژی 25ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 3013 لە هۆڵی ڤۆكسی 6ی ناوەندی سینەمایی “مارینا ماڵ” و پاشان كاتژمێر 15/3ی دوانیوەرۆی رۆژی 28ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 2013 لە هۆڵی ڤۆكسی 6ی ناوەندی سینەمایی “مارینا ماڵ” لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایشكرا.
پێش نمایشی ئەم فیلمە كوردییە، سەرۆكی بەشی عەرەبی فیستیڤاڵ ئینتیشال ئەلتەمیمی فیلمەكەی بە بینەران ناساند و پاشان هیشام زەمان وتەیەكی كورتی پێشكەش كرد و لە درێژەدا ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی “ئاسۆی نوێ”ی فیستیڤاڵی فیلمی ئەبووزەبی پێشكەشكرا.
لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی “پێش بەفربارین” رێوڕەسمی ڕخنە و هەڵسەنگاندن بە ئامادەبوونی ڕخنەگر و كارناسی ناوداری سینەمای عەرەب ئینتیشال ئەلتەمیمی بەڕێوەچوو و هیشام زەمان بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە كە زۆربەی پرسیارەكان لەسەر چۆنییەتی كاركردنی ئەم فیلمسازە لەگەڵ ئەكتەركانی ئەم فیلمە كە زۆربەیان ئاماتۆرن و هەروەها چیرۆكی فیلمەكە بوون.
فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم” كە بەرهەمی هەریمی كوردستان و وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیماراتە، سەرەتا كاتژمێر 9ی شەوی 27ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 3013 لە هۆڵی گەورەی كۆشكی ئیمارات و پاشان كاتژمێر 30/3ی دوانیوەرۆی رۆژی 29ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری 2013 لە هۆڵی ڤۆكسی 4ی ناوەندی سینەمایی “مارینا ماڵ” نمایشكرا.
پێش نمایشی ئەم فیلمەدا كە لەڕاستیدا وێتسێڕنێكی كوردییە، سەرۆكی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی عەلی ئەلجابیری و هەروەها سەرۆكی بەشی عەرەبی فیستیڤاڵ ئینتیشال ئەلتەمیمی فیلمەكەیان بە بینەران ناساند و پاشان ستافی فیلمەكە لەسەر سەحنەی هۆڵی كۆشكی ئیمارات ئامادەبوون.
لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی “تاڵ، شیرین، وڵاتەكەم” رێوڕەسمی ڕخنە و هەڵسەنگاندن بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەكە و ڕخنەگر و كارناسی ناوداری سینەمای عەرەب ئینتیشال ئەلتەمیمی لە هۆڵی گەورەی كۆشكی ئیمارات بەڕێوەچوو و هونەر سەلیم و ستافی فیلمەكە بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانییان دایەوە.
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی، كۆڕ و كۆبوونەوەی سینەمایی و رێوڕەسمی ڕخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەكان لە رۆژانی 24ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەر تا 2ی تەشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2013 لە هۆڵی گەورەی كۆشكی ئیمارات و هەروەها ناوەندی سینەمایی “مارینا ماڵ” لە شاری
ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات یەكگرتووی عەرەبی بەڕێوەچوو.
https://www.facebook.com/malperi.serqela/media_set?set=a.612484768812008.1073741879.100001514711878&type=3