دوای‌ کۆنسێرتەکه‌ی‌ كرماشان هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر شه‌هرامی‌ نازری‌

shehram2
کۆنسێرتی هەفتەی پێشوی شه‌هرام نازری لەشاری کرماشان، ناڕەزایەتی و هێرشی ماڵپەڕە ئێرانییەکانی بۆ سەر ناوبراو لێکەوەتەوە.رۆژانی پێنج‌شەممە و هەینی هەفتەی رابردوو، دوای 10 ساڵ لە هۆڵی فردەوسی کرماشان و بەبەشداری چەندین هەزار کەس لە گوێگران‌و عاشقنی‌ دەنگی شه‌هرام نازری بەڕێوە چوو.ئەمڕۆ پێنج شه‌ممه‌ زۆربەی ماڵپەڕە فارسی زمانەکانی سەربە كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، دوای یەک هەفتە لەبەڕێوەچوونی کۆنسێرتی شه‌هرام نازری لەشاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکات هەواڵی ئەو کۆنسێرتەیان بڵاوکردەوەو دژی نازری هەڵوێستیان گرت.ماڵپەڕی “رجا نیوز” کە ماڵپەڕی تایبەتی هێزە ئه‌منیه‌کانی ئێرانە، یەکێک لەو ماڵپەڕانە بوو کە ئەو هەواڵەی بڵاوکردبووە، شه‌هرام نازری بەوتنی‌ گۆرانی‌ نەتەوەیی تاوانبار کردووە.لەو هەواڵەدا هاتووە کە “شه‌هرام نازری بە وتنی‌ گۆرانی‌ (من مناڵ کورد فارسی نیەزانم، وە زوان کوردی قەزات وەگیانم)، کە گۆرانییەکی نەتەوەیی و دژی فارسە كه‌شی‌ هۆڵی کۆنسێرتەکەی ئاڵۆز کردووەو جەوێکی تایبەتی پێداوە.هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە کە ئەمە یەکەم جارە کە شه‌هرام نازری ئەو جۆرە شێعرانە بۆ ئاوازەکانی هەڵدەبژێرێت و لەشوێنێکی گشتیدا دەیخوێنێت.بەپێچەوانەی هەواڵەکانی پێشوو کە بەردەوام بە “مامۆستا ” ناویان لێبردووە، ئەمجارەیان لە هیچ شوێنێکی ئەو هەواڵانە پێش ناوی ناوبراو مامۆستا بەکار نەهاتووە.پێشتر یەکێک لەبەشداربوانی ئەو کۆنسێرتە بە هاوڵاتی وتبوو کە ” لەشەوی یەکەمی کۆنسێرتەکەدا شارام نازری بە زمانی کوردی بەخێرهاتنی بەشداربوانی کردو سڵاوی نارد بۆ هەموو کوردێک لە هەرکوێی دنیان‌و وتی خۆشحالم کە بۆ جارێکی دیکە خۆم لەناو باوانەکەم دەبینمەوە”.شارام نازری لەو کۆنسێرتەدا بە خوێندنی گۆرانی “کوردستان گەر تۆ نەبیت تاجی شاهیم بۆ چییە” بەشداربوانی هێنابووە جۆش و وتبووی ” من شانازی بە کوردبوونی خۆمەوە دەکەم و لە هەر کوێی ئەم دونیایە کۆنسێرتێک بەرێوە ببەم بەدلنیایەوە بەشێکی تەرخان دەکەم بۆ مۆسیقای کوردی”.

سەرچاوە
هاوڵاتی

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون