خەڵاتی گۆرانیبێژی كورد محەمەد ماملێ پێشكەش بە ناسر رەزازی دەكرێت
خەڵاتی ساڵی 2013ـەی گۆرانیبێژی ناوداری كورد محەمەد ماملێ لە ڕێوڕەسمێكدا ڕۆژی چوارشەمە 29ی كانوونی دووەمی 2014 لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی پێشكەش بە گۆرانیبێژی كورد ناسر رەزازی دەكرێت.
لێژنەی ڕاوێژكاری مەڵبەندی هونەری ماملێ بڕیاری داوە كە پێنجەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری كورد محەمەد ماملێ بە ناونیشانی “خەڵاتی ساڵی 2013″ بە هونەرمەندی بەناوبانگی كورد ناسر رەزازی پێشكەش بكات.
بڕیار وایە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی كەلەپووری كورد سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتیی هونەری و كەلتووری بەشە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، میوانانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان و هەروەها بنەماڵەی ماملێ، كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 29ی كانوونی دووەم / یەنایەری 2014 لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ڕێوڕەسمێكی شایان بۆ ئەم مەبەستە بگیرێت.
ئەو خاڵانەی كە كاریگەرییان لەسەر بڕیاری لێژنەی ڕاوێژكاری مەڵبەندی هونەری ماملێ داوە بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە بە هونەرمەد ناسر رەزازی، بریتین لە: خەباتی ئەم هونەرمەندە لە پێناو بووژاندنەوەی زمان و هونەری كوردیدا، گرینگی شۆڕشی كورد و جەماوەری كورد بە یەكتر، خزمەت بە هونەركردن بە دوور لە چەمكی ناشیرینی جیاوازیدانان و ناوچەگەری، هونەرمەندێك كە بڕوای بە یەكسانی تاكەكان هەبووە، هونەرمەندێك كە بڕوای بە یەكسانی مافی ژن و پیاو هەبووە، پێشمەرگە بووە، لە هونەری گۆرانی گوتنەوەدا داهێنەر بووە و لاساییكەرێكی ئاسایی نەبووە و هەروەها لە خزمەت چەمكی نەتەوەیی كوردیدا تێكۆشاوە.
مەڵبەندی هونەری ماملێ ساڵی 2008 لە لایەن بنەماڵەی هونەرمەندی نەمری كورد مامۆستا محەمەد ماملێ دامەزراوە و هەموو ساڵێك بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرئانینی ئەم هونەرمەندە پایەبەرزە خەڵاتێك پێشكەش بە هونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانی كورد دەكات كە بە بەرهەمەكانیان خزمەتی گۆرانی و موزیكی كوردییان كردووە و لە بەخشینی ئەم خەڵاتە گرینگەدا كەسایەتیی، هەڵكەوتوویی، داهێنانی
هونەریی، ئەزموون، توانا و بەهرەمەندیی هونەرمەندەكە ڕچاودەگیرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتی گۆرانیبێژی كورد محەمەد ماملێ بە چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناودار و بەئەزموونی كورد پێشكەش كراوە، لەوانە: لە ساڵی 2009 بە ژەنیاری بەتوانای شمشاڵ مامۆستا قاڵەمەڕە، لە ساڵی 2010 بە گۆرانیبێژ و موزیكزانی كورد مامۆستا باكووری، لە ساڵی 2011 بە گۆرانیبێژی كورد عەزیز شاهرۆخ و لە ساڵی 2012 بە گۆرانیبێژی كورد عەبباس كەمەندی.