“جینگۆ” لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر نمایشكرا

jingo2jingo3
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد توورەج ئەسڵانی لە بەشی “جۆرێك ئەزموون”ی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە شارەكانی تاران و كرماشان نمایشكرا.
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” (گێڕانەوەی هەڵواسراو) یەكەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی هونەرمەندی كرماشانی توورەج ئەسڵانی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی بە ناونیشانی “نوعی تجربە” واتە “جۆرێك ئەزموون” لە میانەی سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە چەندین سانسی جیاوازدا لە هۆڵەكانی ژمارە 2 و 3ی ناوەندی كۆبوونەوەكانی تاوەری میلادی شاری تاران نمایشكرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، سینەماكاران و هۆگرانی هونەری سینەما پێشوازی لێكرا.
توورەج ئەسڵانی كە بە وێنەگری سینەمای ئێران ناسراوە كە لە بەرهەمەكانیدا ئەزموونی نوێی دەكات، لە سازكردنی یەكەمین فیلمی سینەمایی خۆیدا ئەزموونێكی نوێی خوڵقاندووە و “جینگۆ” كۆلاژێكە لە هەڵپەسێراوی ژیانی گەنجانی ئەمڕۆی تاران كە لە قەڕەباڵغی، ماندوویی، تەنیایی و خۆ بەدەستەوەدان بە لەبیرچوونەوە و هاوكات چاوەڕێی كۆتایی هاتنی دنیا لە ساڵی 2012 بە پێی تیۆری نۆسترادامووسن.
ئەسڵانی پێش سازكردنی ئەم فیلمە سینەماییە، 10 كورتە فیلمی چیرۆكی، ئەنیمەیشێن و دیكۆمێنتاری سازكردووە و زیاتر لە 35 فیلمی سینەمایی ئێرانی، كوردی و بیانی وێنەگرتووە، كە وەكوو بەڕێوەبەری وێنەگرتن چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەكی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگری شەشەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسكرین “ئاسیا پەسیفیك” (APSA) ناسراو بە “ئوسكاری ئاسیایی” لە ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی “بۆقی برونزی” باشترین وێنەگری بیستەمین فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس كامێرائیمەیج” لە پۆڵەندا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی حەوتەمین خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە هۆنگ كۆنگ، خەڵاتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بۆ باشترین وێنەگری بەشی سینەمای ئاسیا و ئەوروپا لە سێزدەیەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “شەوەكانی تالین” لە ئەستۆنیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی یەكەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەغدا لە عێراق، تەندیسی باشترین وێنەگرتنی دووەمین فیستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەكانی تۆرێنتۆ لە كەنەدا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بیست و هەشتەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی چواردەیەمین جەژنی ماڵی سینەمای ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی شەشەمین ئەنجومەنی ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی یەكەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی خۆشەویستی مرۆڤ بە ناونیشانی “ئاسا” لە ئێران و چەندین خەڵاتی دیكە.
لە پوختەی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “جینگۆ”دا هاتووە: سیاوەش، ئەشكان و دكتۆر، چەند ڕۆژ پێش ئەوەی كە بە پێی تیۆری نۆسترادامووس كۆتایی بە دنیا بێت لە باكووری تاران لە یەكتری كۆدەبنەوە، ئەوان هەر كامیان بیرەوەری ناخۆشیان لەگەڵ ئافرەتدا هەیە. ئەو سێ پیاوە بە هاوڕێیەتی لەگەڵ چەند گەنجی دیكە بۆ ڕزگاربوون لە ئازارەكانیان لە چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی دنیادان، بەڵام ژیان بەردەوام
درێژەی هەیە.
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” لە یەكەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی جۆرێك ئەزموونی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە هۆڵی ژمارە 2ی ناوەندی كۆبوونەوەكانی تاوەری میلادی
شاری تاران نمایشكرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا بە شێوەیەك كە ژمارەیەكی زۆر لە بینەران نەیانتوانی فیلمەكە ببینن و لە پشت دەرگاكاندا مانەوە.
ئەم فیلمە هەروەها لە دووەمین نمایشی خۆیدا چەند لە هۆڵەكانی ژمارە 1 و 3ی ناوەندی كۆبوونەوەكانی تاوەری میلادی تاران نمایشكرا و دیسان لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا و ژمارەیەكی زۆر لە هۆگرانی سینەما نەیانتوانی فیلمەكە ببینن. هەر بەم بۆنەیەوە بەرپرسانی فیستیڤاڵ ناچاربوون سانسێكی تایبەت لە هۆڵی ژمارە 2ی تاوەری میلاد بۆ نمایشی ئەم فیلمە تەرخان بكەن.
“جینگۆ” هەروەها لە هۆڵی ئینتیزامی لە ماڵی هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشكرا و دیسانەوە لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەما و ڕۆژنامەنووسانەوە پێشوازی باشی لێكرا.
لە كاتی نمایشی یەكەمین فیلمی سینەمایی توورەج ئەسڵانی چەندین كەسایەتی ناوداری فەرهەنگ، هونەر و سینەماكارانی ئێرانی ئامادەبوون، لەوانە: جەعفەر پەناهی، كامبووزیا پەرتەوی، عەبدوڵڵا ئەسكەندەری، هێنگامە قازیانی، نیزامەین كیایی، كەماڵ تەبریزی، سیامەك شایقی، هووشەنگ گوڵمەكانی، مەسعوود جەعفەری جەوزانی (ڕاوێژكاری بەرهەمهێنەری فیلمەكە)، فەرهاد مێهران فەر، سەعید ئیبراهیمی فەر، مانی پوتگەر، ساعێد نیكزاد، ستارە ئەسكەندەری، فەرهاد وەرئەهرام، مەهناز محەمەدی، مەجید بەرزگەر، كورووش سولەیمانی، ژمارەیەك لە ستافی ئامادەكردنی فیلمەكانی سینەمای ئێران و هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران.
ستافی ئامادەكردنی فیلمی سینەمایی “جینگۆ” (گێڕانەوەی هەڵواسراو) بریتین لە:
سیناریۆ، دیزاینی سەحنە، مونتاژ، بەڕێوەبەری وێنەگرتن، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر: توورەج ئەسڵانی، دەنگهەڵگرەكان: نیزامەدین كیایی، محەمەد شاهوێردی و ئەمین میرشكاری، وێنەگر: مێهدی ئەسڵانی، بەرپرسی پلان: ئیرەج محەمەدی ڕەزینی بەرپرسی كۆمپانیای ئاوای كوچە خاترەها، دەنگدانەر و میكس: ئەمین میرشكاری، موزیك: لە هەڵبژاردنی فەرهاد مودیری و چەندین پارچە موزیكێك بە ئاوازدانەری بێهزاد عەبدی، دیزاینی جلووبەرگ: فریشتە جوغەتایی، دیزاینی میكیاژ: سارا ئەسكەندەری و سەید ڕەسووڵ عەڕەبی، بە ناساندنی چەندین ئەكتەری لاو، لەوانە: سیاوەش درەخشی، ئەشكان یەغمایی، ئەمیر حوسێن بێهزادئەفشار، مێهدی قووچانی، ئاڕش خۆش خوڵق، مەحموود و ڕەزا شەفیع خانی و داریا ئەسڵانی
بە ڕۆڵ بینینی: سەعید ئیبراهیمی فەر، پانتەئا پەناهی ها، ئێلاهە خادەمی و نیلووفەر خۆش خوڵق و بە ئامادەبوونی: ئەكتەر ناوداری سینەمای ئێران خاتوو هێنگامە قازیانی
بەرپرسی بەرهەم: حەسەن ئەسڵانی، ئەنیمەیشێن: جەلال نەعیمی، دیمەنە تایبەتە وێنەییەكان: ئاڕش كەریمی، چاككردنی ڕەنگ: پسپۆڕان و كارناسانی لابراتوواری بەدیع، بەرنامەداڕێژ: حوسێن ئەحمەدی نیا، یاریدەدەری یەكەمی دەرهێنەر: ڕەزا عەباسی، مونشی سەحنە و یاریدەدەری دەرهێنەر: لەیلی مورادی، یاریدەدەری یەكەمی وێنەگر: محەمەد خەمیس ئابادی و جەعفەر ئەسڵانی، فۆتۆگرافەر: عەلی رەفیع پوور
و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی.
“جینگۆ” كە فیلمێكی سەرخۆشانە و ئەمأۆییە هەروەها بە ئامادەبوونی ستافی ئامادەكردنی فیلمەكە لە سێ سانسی جیاوازدا لە بەشی فیلمی هەڵبژاردەكانی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە سینەما ئازادی شاری كرماشان نمایشكرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “جینگۆ”.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون