“جینگۆ” لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی لە جەژنی وێنەی ساڵی ئێران نمایشكرا

jingo2
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” GINKGO لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد توورەج ئەسڵانی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە ماڵی هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشكرا.
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” (گێڕانەوەی هەڵواسراو) یەكەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی توورەج ئەسڵانی بە ئامادەبوونی ئەم وێنەگرە بەئەزموونە كوردە، ئیبراهیم فرووزێش دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران، سەیفوڵڵا سەمەدییان فۆتۆگرافەری ناوداری ئێرانی و بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران، ژمارەیەكی بەرچاو لە سینەماكارانی ئێرانی و ستافی ئامادەكردنی فیلمەكە، لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە هۆڵی ناسری ماڵی هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشكرا و لە لایەن هۆگرانی سینەماوە پێشوازییەكی باشی لێكرا، بە شێوەیەك كە ژمارەیەكی زۆر لە بینەران بە هۆی نەبوونی كورسی بۆ دانیشتن، ناچاربوون بە وەستانەوە فیلمەكە ببینن.
سەیفوڵڵا سەمەدییان بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران، لە سەرەتای نمایشكردنی فیلمی سینەمایی “جینگۆ” گوتی: بە شانازییەوە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێرانمان تەرخانكردووە بە توورەج ئەسڵانی، كە كەسێكە لە أۆژە سەرەتاییەكانی كە دەستی بە كاری هونەری كردووە بە جیدییەوە ئەم كارەی ئەنجامداوە و لە درێژەی كاری پیشەیی خۆیدا، سەركەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە و وەكوو بەڕێوەبەری وێنەگرتن خەڵاتی گرینگی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتییەكان پێبەخشراوە.
گوتیشی: بۆ نموونە خەڵاتی “بۆقی برونزی” باشترین وێنەگری بیستەمین فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس كامێرائیمەیج” لە پۆڵەندا، پێشكەش بە توورەج ئەسڵانی كراوە. ئەم فیستیڤاڵە گرینگترە ڕووداوی سینەماییە كە هەموو ساڵێك لە وڵاتی پۆڵەندا لە لایەن وێنەگرانی بەرچاو و بەئەزموونی سینەمای جیهان، باشترین وێنەگرانی دنیا دەخەنە بەر هەڵسەنگاندن و لێكۆڵینەوە و بە سێ باشترین وێنەگری سەركەوتووی جیهان، خەڵاتەكانی بۆقی زێڕین، زێو و برۆنز پێشكەش دەكەن كە دوو ساڵ پێش ئێستا ئاغای مەحموود كەلاری بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی “جیایی” براوەی خەڵاتی ئۆسكار، توانی خەڵاتی بۆقی زێوینی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
گوتیشی: ساڵی پار توورەج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی “وەرزی كەركەدەن” لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی و هەروەها فیلمی سینەمایی “كوڵی گریان” لە دەرهێنانی سینەماكاری لاوی ئێرانی ڕەزا دورمیشیان ناوزەدی وەرگرتنی خەڵاتی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پلووس كامێرائیمەیج” بوو كە لە كۆتاییدا بە فیلمی سینەمایی “وەرزی كەركەدەن” توانی خەڵاتی بۆقی بڕۆنزی ئەم فیستیڤاڵە گرینگ و پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان بەدەستبێنێت.
بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: توورەج ئەسڵانی وەكوو زۆربەی وێنەگرەكانی سینەمای ئێران ئەو كەڵكەڵەیەی هەبوو بە هۆی ئەوەی كە دەرهێنەرە لاوەكانیان دەخستە بەر دەستی و بە شێوەیەكی ئاسان و ساكار و ئاسایی ئەوانی تەنانەت تا وەرگرتنی خەڵاتەكەش دەبرد، ئەو هەستە نامۆیە دەبووە هۆی ئەوەی كە وێنەگرە باشەكانمان ببنە فیلمسازێكی مامناوەندی و ئەو هەستەی كە كاتێك كە من كاری ئەو مرۆڤانە جێبەجێی دەكەم بۆچی بۆخۆم فیلم سازنەكەم لەگەڵ ئەم هونەرمەندە بوو و بەختەوەرانە لەو كارەش سەربڵند و سەركەوتوو بوون و فیلمی سینەمایی “جینگۆ” (گێڕانەوەی هەڵواسراو) تا ئێستا فیلمێكی سەركەوتوو بووە.
توورەج ئەسڵانی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “جینگۆ” لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران گوتی: زۆر بەختەوەرم كە ئاغای سەمەدییان ئەو دەرفەتە لە جەژنی
وێنەی ساڵی ئێران بۆ ڕوانینە نوێیەكان دەڕەخسێنن و هەلێكی زۆر باشە و هەموو ساڵێك بەشداری تێدا دەكەین، لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنەدا دەتوانیت كە عاشقی هونەر بیت و هەر كەسێك كە چاوێك بە گالێرییەكانی جەژنی وێنەی ساڵی ئێراندا بخشێنێت بێگومان شتێكی گرینگی دەست دەكەوێت.
گوتیشی: فیلمی “جینگۆ” دەرئەنجامی كارێكی كارگەییە، دروستكردنی ئەم فیلمە دوو ساڵی كات خایاندووە و سیناریۆ، مۆنتاژ و بنەماكانی بە شێوەی كارگەیی ئەنجامدراوە.
ئەسڵانی سەبارەت بە شێوازی كارگەیی قۆناغەكانی سازكردنی فیلمی سینەمایی “جینگۆ” گوتی: لەڕاستیدا ئەم فیلمە بە بێ سیناریۆ سازكراوە، ئەم فیلمە فیكرەیەكی سەرەتایی بوو و هیچ سیناریۆیەكی نەبوو. لەو كاتەی كە نەدەبوایە كار بكەم و پەیمانمدابوو كە كار نەكەم و وێنەگری بەرهەمی هیچ كەسێك لە ئەستۆ نەگرم، بڕیارمدا كە فیلمێكی ئەزموونی سازبكەم.
ئەوەیشی خستەڕوو: ساڵانێكی زۆر بوو كە لە فیلمی هەڤاڵانمدا ڕۆڵی كەسێكم هەبوو كە یارمەتی دەدات تاكوو منداڵی خەڵك لە دایك بێت و فكرم كردەوە بۆ جارێكیش بێت ئەزموونی دایكایەتی بكەم و منداڵێك بهێنمە دنیاوە. ئەو كارە لە كاتێكدا ڕوویدا كە لە كاركردن قەدەغە كرابووم و نەدەبوو بچمە پشت كامێرای هیچ دەرهێنەرێكەوە. فكرم كردەوە هەندێك هەڤاڵم هەیە كە دەتوانین بە كامێڕایەكەوە خۆمان سرقاڵ بكەین، ئەو سەرقاڵكردنە ئاكامەكەی بۆتە فیلمێك كە ڕوانینێكی نوێی و بنەمایەكی تازەی هەیە كە سەبارەت بە سینەما و منداڵانی سینەمایە.
ئەم وێنەگرە بەئەزموونەی سینەمای كوردستان لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لاپەڕەیەك بە ناوی فیلمی “جینگۆ” GINKGO كراوەتەوە، هەر بیروڕا و پێشنیارێكتان هەیە لەوێدا بینووسن، هەر وەكوو ئاماژەم پێكرد ئەو فیلمە بە شێوەی كارگەیی سازكراوە و پێش ئەوەی كە فیلمەكە بە شێوەی گشتیی نمایش بكرێت، ئامادەی گۆڕانكاری بەسەر فیلمەكەین و داواتان لێدەكەم كە بە دەربڕینی بیرووڕاكانتان لە مۆنتاژی كۆتایی “جینگۆ”دا یارمەتیم بدەن.
فیلمی سینەمایی “جینگۆ” لە یەكەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی بە ناونیشانی “نوعی تجربە” واتە “جۆرێك ئەزموون” لە میانەی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە چەندین سانسی جیاوازدا لە هۆڵەكانی ژمارە 2 و 3ی ناوەندی كۆبوونەوەكانی تاوەری میلادی شاری تاران نمایشكرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، سینەماكاران و هۆگرانی هونەری سینەما پێشوازییەكی بێوێنەی لێكرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “جینگۆ”.

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون