میکایل باس لە خەمێکی “هەرە گەورە” دەکات

mikail2
تاوەكو ئێستا گۆڕانكارییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكانی ناوچەكە نەیتوانیوە دڵی هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆشبكات و هیوایەكیان بۆ پەیدا بكات، چونكە خەریكە بەتەنیا دەمێننەوە لە رۆژگاری ئاوارەییدا.هونەرمەندانی باكوور و باشوور و رۆژئاوای كوردستان ئەو رۆژانەیان تێپەڕاند كە سیدی و كاسێتەكانیان بەقاچاخ دەناردەوە بۆ نیشتمان، بەڵام رۆژهەڵاتییەكان ئێستاش بەسەر و ریشی سپییەوە، هەمان خەونی 30 ساڵ لەمەوبەریان هەیە.ئەو ساڵەی میكایل رۆژهەڵاتی كوردستانی جێهێشت هونەرمەندێكی گەنج بوو، بەڵام ئێستا كە خەون بە گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵات و كۆنسێرتێك لە شاری مهابادەوە دەبینێ، سەر و ریشی سپی بووە. ئەو هونەرمەندە ئێستا خۆی بە ئاوارە و غەریب نازانێ پاش ئەوەی دەستبەرداری ژیانی رۆژئاوا بووە بۆ ئەوەی لە نیشتمانی خۆی لە باشووری كوردستان بژیت، هەرچەندە هێشتا باشوور ناتوانێ ژیانە رۆژهەڵاتییەكەی خۆی بۆ قەرەبوو بكاتەوە.میكایل گوتی “خۆم و گۆرانییەكانم بە موڵكی كوردستان دەزانم، لە كوردستانی گەورە و دونیا، بەڵام سەرباری ئەوانە، خەون بەوەوە دەبینم رۆژێك بتوانم بگەڕێمەوە بۆ لای بیرەوەرییەكانی منداڵی لە شاری مهاباد، جارێكی دیكە هەنگاو بەهەنگاوی ئەو كوچە و كۆڵانانە تەی بكەم كە ئێستا خەون بە بینینەوەیان دەبینم، دواتریش لەوێ گۆرانییەك بۆ منداڵانی دوێنێ و نەوەكانی ئەمڕۆ بڵێم”.ساڵانێكی زۆر میكایل لە ئەوروپا دەژیا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا كەڵكەڵەی گەڕانەوە بۆ باشووری كوردستان كەوتە مێشكی و هاتەوە و ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێیە “خەونمە رۆژگارێك بێت كۆنسێرتێكی گەورە لە چوارچرا یان لە یاریگای شاری مەهاباد ساز بكەم و ببینم خەڵكەكەم چۆن تامەزرۆی گۆرانییەكانمن، هەرچەند بمرم لە نیشتمانی خۆم دەمرم، بەڵام خەمی هەرە گەورەم ئەوەیە چاوەكانم بەپیریش نیشتمانە بەجێماوەكەم نەبینێتەوە”. لەپاڵ ئارەزووی بۆ سازدانی كۆنسێرت لەسەرجەم شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، میكایل ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ شاری مەهاباد وا دەربڕی.پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، هونەرمەندێكی وەكو شڤان پەروەری بە زێدی خۆی شاد كردەوە، شۆڕشی گەلانی سووریا، بووە دەرفەتێك بۆئەوەی دوای 15 ساڵ دوورە وڵاتی، هونەرمەندێكی وەكو زوبێر ساڵح بگەڕێتەوە زێدی خۆی، ئەگەر بە نهێنیش بێت. خەونی هونەرمەندێكی كۆچكردووی وەكو محەممەد جەزاش لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 هاتەدی. ئایا تۆ بڵێیت خەونەكەی ناسر رەزازیش بێتە دی.ناسر رەزازی و مەرزیەی هاوسەری كۆچكردووی ساڵانێكی زۆری ژیانیان بە پێشمەرگایەتی لە شاخ و دۆڵەكانی كوردستان بەسەر برد، دواتریش روویانكردە سوێد. بەڵام چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕیاریاندا بە یەكجاری بگەڕێنەوە باشووری كوردستان. ئێستا ناسر لە شارۆچكەی دوكان لە سلێمانی نیشتەجێیە.ناسر، هەمان تامەزرۆیی میكایلی هەبوو بۆ گەڕانەوە، وەك خۆی باسیكرد، تاوەكو ئێستاش شەو نییە خەون بەشار و گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە نەبینێ. لەگەڵ دەربڕینی هەر رستەیەكدا كە باسی گەڕانەوەی بۆ زێدی لە دایكبوونی دەكرد، لە روخساریدا هەستت بەحەسرەتێك دەكرد كە ئەم هونەرمەندە سەرو ریش سپییە، تامەزرۆییەكی بێسنووری هەیە بۆ گەڕانەوە سەرەتایەك كە هەموو شتێكی لەوێوە دەستپێكرد، ئەویش زێدی لەدایكبوونیەتی “من خەونەكانم هەمووی نیشتمانی بێت، چلۆن شەیدای گەڕانەوە نیم كە لەوێ بە ئاوازەكانم لە كۆنسێرتێكدا باوەش بە خەڵكەكەمدا بكەم”.رەزازی، هەر ئەو رۆژە لە گەشت گەڕابووەوە لە سوید، ماندووبوونی پێوە دیاربوو، بەڵام لە ماوەی ئەو كاژێرەی گفتوگۆمان لەگەڵ كرد، گەر ئێمە نەمانناسیبایە، كەس نەیدەزانی هونەرمەندە، چونكە قسەكانی ئەوەندەی بە قسەی سیاسییەك دەچوو، هێندە وەك هونەرمەندێك نەدەبینرا، پێدەچێت هۆكارەكەی پەیوەندی بەوەوە بێت كە رۆژانێكی درێژ لەپاڵ هونەرەكەیدا وەك سیاسییەك كاری كردووە، هەر بۆیە دەیگوت “من بە ئازادی نەبێت ناگەڕێمەوە بۆ سازكردنی كۆنسێرت و گۆرانی”.خەونی گەورەی رەزازی ئازادییە بۆ چوار پارچەی كوردستان، خەونی دیكەشی گەڕانەوەیە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام ئەو دەڵێ “كە دەبینم هەنگاوەكانی تەمەنم بەهێمنی دەڕۆن و نزیك دەبمەوە لەماڵئاوایی لە ژیان، خەممە جارێكی دیكە خۆم و گۆرانییەكانم نیشتمانی لە دایكبوونم نەبیننەوە”.هەروەها دەڵێت “من بەئازادی نەبێت ناگەڕێمەوە بۆ سازدانی كۆنسێرێت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەگەر دەوڵەتی ئێرانیش رێگەم بدات ناگەڕێمەوە كۆنسێرت بكەم لەكاتێكدا زیندانەكان پڕبن لەلاوانی كورد”.

ڕووداو.سلێمانی

Share Button

بۆچوون نووسین

بۆچوون